ناوهڕۆك
سەرەتا
کەوتن و کۆتایی دەوڵەتی ئەندەلوس یان کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس یان سەردەمی گێڕانەوە (بە عەرەبی: سقوط الأندلس، بە ئینگلیزی: Reconquista) بریتییە لە کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە ئەندەلوس کە ماوەی هەشت سەدەی خایاند. لە سەرچاوە نا عەرەبییەکان بە ماوەی سستبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ناوچەکە دەگوترێت سەردەمی گێڕانەوە یان سەردەمی بەدەست هێنانەوە یان جەنگەکانی گێڕانەوە، لەو سەردەمەدا بە پلەبەندی هێزەکانی ئیسپانیا و خاچپەرستان بە چەند قۆناغێک لە ساڵی ٧٣٢ـی زایینی لە سەرەتای فەتحکردنی تاکوو ساڵی ١٤٩٢ توانیان ناوچەکانی ئەندەلوس لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی دەربێنن و لە ساڵی ١٤٩٢ کۆتایی بە جەنگەکانی گێڕانەوە هات و ئەو ساڵە به ساڵی کەوتنی ئەندەلوس دانراوه، چونکە "ئەمارەتی غەڕناتە" کە کۆتا شوێنی ئەندەلوس بوو لەژیر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان مابووەوە و کەوتە ژێردەسی هێزە ئیسپانییەکان، لەلایەن ئەبووعەبدوڵڵای بچووک دەسەڵاتداری ئەو کاتەی غەڕناته بە فەرمی شارەکە لە ساڵی ١٤٩١ درایه شا فێرناندۆ و ئیسپانییەکان بوونە فەرمانڕەوای باڵادەستی ئەندەلوس.
دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس
لە ساڵی ٧١١ـی زایینی بە سەرکردایەتی تاریقی کوڕی زیاد و مووسای کوڕی نەسیر ناوچەکانی ئەندەلوس فەتح کران و قووتییە ڕۆژاوییەکان لە ناوچەکە دەرکران و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هێنرا، لەو کاتەوە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس دەستی پێکرد، مێژووی ئەندەلوس لە سەردەمی ئیسلام بە سەر دوو قۆناغدا دابەش کراوە، قۆناغی زێڕین کە سەردەمی سەرەتای فەتح کردن دەگرێتەوە تاکوو دەگات بە کۆتایی دەسەڵاتی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس، دوای ئەوە قۆناغی ململانێ و کەوتنی دەسەڵاتی ئومەوییەکان و سەردەمی مەلیکەکانی تەوائیف تاکوو سەردەمی موڕابیتین و موەحیدەکان و کەوتنی ئەندەلووس بە قۆناغی ئاشووب و سەردەمی ململانێکان بۆ دەسەڵات ناسراوه.
سەرەتاکانی سەردەمی گێڕانەوه
مێژوونووسان "جەنگی کۆڤادۆنگا" کە لە ساڵی ٧١٨ یان ٧٢٢ـی زایینی ڕوویداوە، بە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکانی گێڕانەوەی نێوان مەسیحییەکان و موسڵمانانی ئەندەلوس دادەنرێت، لەو جەنگەدا سوپایەکی بچووکی خاچپەرستان لە ناوچەی ئەستۆریاس سوپای موسڵمانانی بەزاند و لە دوای فەتحی ئەندەلوس یەکەم ناوچە کە کەوتەوە ژێردەسەڵاتی مەسیحییەکان ناوچەی ئەستۆریاس بوو.
پاشان بە پلەبەندی لە ساڵی ١٢٣٦ ئیمارەتی قورتوبە و دواتر لە ساڵی ١٢٤٨ سیڤیلیا بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئیسپانییەکانەوه داگیرکرانەوە، لە ساڵی ١٤٩٢ کۆتا شوێن که مابوو غەڕناتە بوو داگیرکرایەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس هێنرا.
هۆکاری کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس
- لاوازبوونی دەسەڵاتی ئومەوییەکان و کۆچی دوایی (عەبدولڕەحمان داخل) و ململانێی خەلیفەکانیان بۆ کورسی دەسەڵات هۆکاربوون بۆ کۆتایی دەسەڵات و خەلافەتی ئومەوییەکان لە ئەندەلووس، بۆیه ئەمە هۆکارێکی سەرەکی و ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دابەشبوونی دەسەڵات لە ئەندەلوس.
- شکستهێنان و شکانی سوپای موسڵمانان لە جەنگی (بلاط الشهداء)، ئەم جەنگە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە فراوانخوازییەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس و ئەورووپا، دوای ئەم جەنگە هیچ شوێنێکی تر لە ئەورووپا دەسەڵاتی ئیسلامی پێ نەگەیشت.
- دوای دەسەڵاتی ئومەوییەکان، خاکی ئەندەلوس کە یەک پارچه بوو و یەک فەرمانڕەوای هەبوو لەلایەن ملوک تەوائیفەکانەوە دابەش کرایە سەر ٢١ ویلایەت، بە جۆرێک کە هەر ویلایەتێک پاشا و والی ئەو خێزانە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەی کە لە ناوچەکە نیشتەجێ بوو بۆ هەڵدەبژێردرا، ئەو دابەشکاری و پارچەکردنەی دەسەڵات و ململانێ ناوخۆیی دەسەڵات لەنێو خۆیان بۆ وەرگرتن و فراوانکردنی دەسەڵاتیان دەرفەتی زیاتری بەخشییە هێزەکانی ئیسپانیا تاکوو بێنەوە ناو ئەندەلوس. بۆیە قۆناغ و سەردەمی تەوائیفەکان لە مێژووی دەسەڵاتی موسڵمانەکان لە ئەندەلوس بە هۆکارێکی سەرەکی و کاریگەر دادەنرێت لە کەوتنی شار و ئیمارەتەکانی ئەندەلوس و ئەوان هۆکاری سەرەکی دابەشبوونی خاکی ئەندەلوس بوون.
- کەوتنی شاری تۆلیدۆ کە گەورەترین گرنگترین شاری ئەندەلوس بوو، لە سەردەمی شاکانی تەوائیف بۆ ماوەی نۆ مانگ تۆلیدۆ گەمارۆدرا لە ٢٥ـی ئایاری ساڵی ١٠٨٥ شارەکە لەلایەن "شا ئالفۆنسۆی شەشەم" بە تەواوی داگیر کرا و کردی بە پایتەختی شانشینەکەی کە بە "شانشینی قشتاڵە" ناسراو بوو، سەرباری هەوڵدانی سوپای موسڵمانان بۆ گێڕانەوەی تۆلیدۆ بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و شکستیان هێنا.
- دروستبوونی ڕاجیایی و ناتەبایی لەنێوان زاناکانی ئیسلام لەسەر پرسە ئایینییە سادەکان، دروستبوونی ململانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوان پاشاکان و فەرمانڕەواکان، هانابردنی هەندێک لە دەسەڵاتدارەکان بۆ خاچپەرستان، لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و لەناوبردنی دژمنەکەی بەشێک یان ناوچەیەکیان پێشکەش ئیسپانییەکان دەکرد
بەو مەرجەی هاوکاری بکات لە لەناوبردنی ڕکابەرەکەی، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ لەناوچوونی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس.
لێکەوتەکانی کەوتنی دەوڵەتی ئەندەلوس
دوای هەشت سەده لە فەرمانڕەوایی ئیسلامییەکان لە ئەندەلوس لە ساڵی ١٤٩١ به تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتیان هێنرا. مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان کران بە کڵێسا، موسڵمانانی ئەندەلوس بەشێکیان دەربەدەر کران و کۆچیان کرد، بەشێکی تریشیان لە پرۆسەیەکی داڕێژراودا بەزۆر کران بە مەسیحی. بەکارهێنان و قسەکردن بە زمانی عەرەبی، ناونانی ناوی عەرەبی، پۆشینی جلوبەرگی عەرەبی، ئەنجامدانی پەرستش و بۆنە ئایینییەکان نموونەی ڕۆژووگرتن و نوێژ کردن جەژنەکان، هەموو ئەمانە بە زەبری هێز قەدەغەکران، هەرکەسیش یاساکانی جێبەجێ نەکردایە یان لەو یاسایانە لایدایە سزای قورسی لەسەر جێبەجێ دەکرا و زۆرجار ڕووبەڕووی مەرگ دەکرایەوه.