ناوهڕۆك
نەتوانینی بەخێوکردنی ژن واتە چی؟
ئەگەر مێرد هیچی نەبوو ژنەکەی پێ بەخێو بکا و جلوبەرگی بۆ بکڕێ، ئەوە تێبینی ئەکرێ: ئەگەر ئافرەتەکە خۆی ڕاگرت و بە جۆرێک خۆی پێ بەخێوکرا، ئەوە گشتی لەسەر مێردەکەی ئەبێتە قەرز.
بەڵام ئەگەر خۆی پێ ڕانەگیرا، ئەوە بۆی دروستە مارەبڕین هەڵبوەشێنێتەوە لە لای (قازی) (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ فی الرجل الذی لا یجد ما ینفق علی زوجته، وال: یفرق بینهما) أخرجه الدارقطني والبیهقي، پێغەمبەر ﷺ دەربارەی ئەو کەسەی هیچی نییە ژنەکەی پێ بەخێو بکا، فەرموویەتی: لێک جیا ئەکرێنەوە.
ئەگەر مێرد ماڵی هەبوو ژنەکەی بەخێوبکا، بەڵام بە ڕقەکاری بەخێوی نەئەکرد، ئەوە ژنەکەی ناتوانێ مارەبڕینەکە هەڵبوەشێنێتەوە، کەوابوو: ئەو بەخێوکردنە لەسەر مێردەکە ئەبێتە قەرز و، (قازی) لێی ئەستێنێ، بەڵام زۆر لە زانایانی ئاینی ئەو فەرموودەیان هەڵبژاردووە: ئەگەر مێردەکەی ون بوو و نەئەتوانرا ئەرکی بەخێوکردنی لێ وەربگیرێ، ژنەکەی ئەتوانێ مارەبڕین هەڵبوەشێنێتەوە لەلای (قازی).
هەروەها ژنەکە بۆی دروستە مارەبڕین هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر مێردەکەی توانای مارەیی دانی نەبێ پێش ئەوەی جیماعی لەگەڵ بکا، واتە: ئەگەر ژنەکە ڕێگای داو جیماعی لەگەڵ کرد، ئەو کاتە بۆی دروست نییە مارە بڕینەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
ژنەکە بۆی دروستە خۆی تەسلیمی مێردەکەی نەکا تا مارەیی ئەداتێ، بەو مەرجەی قەرز نەبێ، جا ئەگەر بووە کێشەیان، ئەبێ مێردەکە مارەییەکە لەلای پیاوێکی دادپەروەر دابنێ، ئینجا ژنەکەیش خۆی تەسلیمی مێردەکە بکا و دادپەروەرەکەش مارەییەکە بداتە ژنەکە.