بەخێوکردنی ژن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-02:07:00 - کۆدی بابەت: 4474
بەخێوکردنی ژن
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی بەخێوکردنی ژن

بەخێوکردنی ئەو ژنەی کە بە تەواوی خۆی ئەخاتە ژێر دەسەڵاتی مێردەکەی واجبە لەسەر مێردەکەی، واتە: هەر کاتێک ئافرەتەکە بە مێری خۆی گوت: من ئامادەم خۆم ئەدەمە بەردەستی تۆ. ئەو ئافرەتە بەخێوکردنی ئەکەوێتە سەر مێردەکەی، هەرچەند مێردەکەیش منداڵ بێ، یان شێت بێ، یان توانای جیماعکردنی نەبێ (عن جابر -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: ولهن علیکم رزقهن و کسوتهن بالمعروف) أخرجه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ژنەکانتان مافی خواردن و بەرگکردنیان لەسەر ئێوەیە.

ئەو ئافرەتەی بچووکە و خۆی لەبەر جیماع ناگرێ دروست نییە بدرێتە دەست مێردەکەی. ئینجا بزانە: بۆ واجببونی بەخێوکردنی ژن مەرجە سەرپەرشتکاری منداڵ و شێت ژنەکەیان بۆ وەربگرێ، بەڵام ئەگەر منداڵەکە نزیکی بلوغبوونی کردبوو، هەر بەخۆی ئەتوانێ ژنەکەی وەربگرێ.

ئەندازەی بەخێوكەر

بەخێوکردنی ژن ئەندازەی بۆ داندراوە: ئەگەر مێردەکە دەوڵەمەند بوو ئەبێ هەموو ڕۆژێک دوو مست خواردنی بداتێ لەو جۆرەی کە بەزۆری لەو شوێنە ئەیخۆن، هەروەها واجبە لەسەر مێردەکە پێخۆریشی بداتێ، وەکو ڕون و خوێ و گۆشت و شیر و خورما و ئەو جۆرە شتانە، بە گوێرەی ڕەووشتی ئەو شوێنە و دەسەڵاتی مێردەکە، هەروەها جلوبەرگ واجبە لەسەر مێردەکە بەگوێرە ئەو جۆرە بەرگەی خەڵکی لەو شوێنە بەکاری ئەهێنن و بەگوێرەی دەسەڵاتی مێردەکە.

وە ئەگەر مێردەکە لات و هەژار بوو یەک مست خواردنی لەسەرە لەو جۆرە خواردنەی خەڵی ئەو شوێنە بەزۆری ئەیخۆن، هەروەها ئەو جۆرە پێخۆرەی لەسەر کە لات و هەژارەکان ئەیکەنە بەرگ، خوای گەورە فەرموویەتی: (لِيُنفِقْ ذُو سَعَةٍ مِّن سَعَتِهِ ۖ وَمَن قُدِرَ عَلَيْهِ رِزْقُهُ فَلْيُنفِقْ مِمَّا آتَاهُ اللَّهُ) ئەو کەسەی زۆری هەیە با بە گوێرەی هەبونی خۆی ئەرکی بەخێوکردن بدا، بەڵام ئەو کەسەی کەمی هەیە، خوا چەندی داوەتێ با بەو ئەندازەیە ئەرکی بەخێوکردن بدا.

ئەگەر مێردەکە ناوەنجی بوو، نە هەژار بوو، نە دەوڵەمەند، مست و نیوێک خواردنی لەسەرە، وە لە پێخۆر وە لە جل و بەرگ ناوەنجی لەسرە.

مێرد لەسەری واجبە ژنەکەی لە شوێنێک نیشتەجێ بکا، کە لە ژنەکەی بوەشێتەوە و، واجبە کەلوپەلی خەوتن و چێشت لێنان و پاک و خاوێنی و ئاوهێنانی بۆ دابین بکا، بەڵام کرێی دەرمان و پزیشک لەسەر مێردەکە واجب نییە.

ئەگەر ژنەکە لەگەڵ مێردەکەی بەیەکەوە خواردنیان ئەخوارد -وەک ڕەوشتی ئێستا وەهایە- ئەوە ئەبێتە بەخێوکردن و ئەو یاسایەی باسمان کرد ڕەفتاری پێ ناکرێ.

مەگەر ژنەکە لەو جۆرە ئافرەتانە بوو کە هاووێنەکانی وی خزمەت ئەکران، لەبەر ئەوەی لە گەورە ماڵە ناودارەکان بوو، واجبە لەسەر مێردەکەی ئافرەتێکی خزمەتکاری بۆ بگرێ و هەرچەند مێردەکەیش هەژار بێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) واتە: بە باشی هاوسەرێتی لەگەڵ ژنەکانتان بکەن.


سەرچاوەکان



282 بینین