چینەکانی کۆمەڵگا لە سەردەمی پێغەمبەردا (د.خ)

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-01-13:00:00 - کۆدی بابەت: 64
چینەکانی کۆمەڵگا لە سەردەمی پێغەمبەردا (د.خ)

ناوه‌ڕۆك

چینەکان

لە سەردەمى پێغەمبەردا(صلى الله عليه وسلم) چوار كۆمەڵی سەرەكى لە كۆمەڵگەدا هەبوون كە ئەوانیش بریتی بوون لە(كۆمەڵی بێباوەڕان، كۆمەڵی هاوەڵان، كۆمەڵی دووڕووان، كۆمەڵی جوولەكەكان).

كۆمەڵی بێباوەڕان

ئەمانە بڕوایان بە حەقیقەتى ئیسلام و پەیامەكەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نەبوو و لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دژایەتى توندى پێغەمبەریان(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، ئازارى موسڵمانانیان دەدا، هێرشی ماددى و مەعنەوییان دەكردە سەر ئیسلام، هێرشی ماددى بە ئازاردانى جەستەیی موسڵمانان، هێرشی مەعنەوى بە لێدانى مەعنەوى بۆ موسڵمانان وەك گومان خستنە سەر كەسایەتى و بانگەوازى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، سووكایەتى كردن بە موسڵمانان و چەندین شێوازى تری دژایەتى.

ئەمانە ئازاردانەكەیان هێندە توندبوو هەتا موسڵمانانیان ناچاركرد مەككە جێبهێڵن و بەرەو حەبەشە و مەدینە كۆچ بكەن، بەڵام هەر وازیان نەهێنا و روویانكردە حەبەشە بۆ جێ لەقكردن بە موسڵمانان و گەڕاندنەوەیان بۆ مەككە تا ئازاریان بدەن و بشتوانن رێبازەكەیان لەناو ببەن، رووشیانكردە مەدینە تا بتوانن دەوڵەتەكەیان لەناو ببەن و چەند جەنگێكیان لەگەڵ موسڵماناندا ئەنجامدا و ئامادەش بوون لەگەڵ جوولەكە و دوورووانیشدا یەكبگرن و هاودەستى تەواوەتى بكەن دژ بە موسڵمانان، واتە هەموو هەنگاوێكى بەرچاو و شاراوەى دژایەتیكردنى موسڵمانانیان گرتەبەر.

خواى گەورە بۆ قۆناغى مەككە جیهادى دژی ئەوانى فێری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كرد تا بە قورئان جیهادیان بكات، وەك خوا دەفەرموێت(فَلا تُطِعِ الْكَافِرِينَ وَجَاهِدْهُمْ بِهِ جِهَاداً كَبِيراً)[1](گوێڕایەڵی بێباوەڕان مەبە و بە قورئان جیهادى گەورەیان بكە).[2]

كۆمەڵی هاوەڵان

ئەمەش ئەو چینەى كۆمەڵگە دەگرێتەوە كە باوەڕیان هێنا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەمانەش چەند بەشێكیان لەخۆدەگرت، ئەو هاوەڵانەى كە زوو موسڵمان ببوون و بەشدارى ئازار و نارەحەتیەكانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون، ئەوانیش دوو دەستە بوون(كۆچەران، پشتیوانان)، سەبارەت بە كۆچەران هەندێكیان كۆچیانكرد بۆ حەبەشە و لەوێ لە غەریبیدا مانەوە تا لە غەزاى خەیبەردا گەڕانەوە بۆ خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە، زۆرینەشیان كۆچیان كرد بۆ مەدینە و لەوێ بوونە دامەزرێنەرانى یەكەم دەوڵەتى ئیسلامى، هەندێكى كەمیش لە مەككە مانەوە، ئەمانە یان بە فەرمانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) مانەوە تا ئەركى پێ سپێردراویان بەجێبگەیەنن وەك عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەندێكیان بە ناچارى دەمانەوە چونكە كۆیلە بوون وەك ئەسلەمى كۆیلەى عەبباس، هەندێكیان بێتوانا بوون و نەیاندەتوانى كۆچ بكەن، هەندێكیش دواى قۆناغى كۆچكردن موسڵمان دەبوون، ئەمانە دواجار دەرووى خواییان لێكرایەوە كاتێ ئەبووبەصیر توانى بێ شكاندنى رێككەوتننامەى حودەیبیە لە سەرەرێی بازرگانى شام و قورەیش بنكەى دووەمى دەوڵەتى ئیسلامى دابمەزرێنێ و لەوێوە موسڵمانبوانى مەككە بچنە ئەوێ تا دواتر بە فەرمانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوانیش چوون بۆ مەدینە، هەندێكى تر لە هاوەڵان ئەوانە بوون كە لە سەروبەندى فەتحى مەككەدا موسڵمان بوون، هەندێكیان بە ناچارى موسڵمان بوون و دواتر موسڵمانێتیەكەیان لە روخسارەوە چووە ناو دڵەكانیان و بوونە شەیدایانى ئیسلام، هەندێكیشیان هەر لە سەرەتاوە بە ویستی خۆیان و لە دڵەوە موسڵمان بوون و هەوڵیان دەدا قەرەبووى رابردووى لەدەست چوویان بكەنەوە.

پشتیوانانیش موسڵمانانى مەدینە بوون كە بوونە پشت و پشتیوانى تەواوەتى بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و برا كۆچەریەكانیان، هێندە رێزیان لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) گەورە بوو كە دەیفەرموو(آية الإيمان حب الأنصار وآية النفاق بغض الأنصار)،[3] واتە:(نیشانەى ئیماندارى خۆشەویستى پشتیوانانە و نیشانەى دوورووییش رق لێ بوونیانە)، هەروەها دەیفەرموو(لولا الهجرة لكنت امرأ من الأنصار، ولو سلك الناس واديا وسلكت الأنصار واديا - أو شعبا - لسلكت وادي الأنصار،- أو شعب الأنصار)،[4]واتە:(ئەگەر كۆچ نەبوایە بەدڵنیاییەوە من یەكێك دەبووم لە پشتیوانان، ئەگەریش خەڵكى دۆڵێ یان شیوێ بگرنەبەر و پشتیوانانیش دۆڵێ یان شیوێ بگرنەبەر بەدڵنیاییەوە من دۆڵ یان شیوی پشتیوانان دەگرمەبەر).

پشتیوانان بوونە پاڵپشتى ماددى و مەعنەوى بۆ كۆچەران و پێغەمبەرى خواش(صلى الله عليه وسلم) برایەتى و میراتگری خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، دواتر پاش چاكبوونى بارى دارایی كۆچەرانیش بە بڕیارى خواى گەورە برایەتیە ئیمانیەكە مایەوەو میراتگریەكە هەڵوەشایەوە.

هاوەڵان بەردى بناغە و هێزى یەكەمى ئیسلام و شەیدایانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون، ئیتر هێندەیان بەسە كە خوا لێیان رازى بوو و ئەوانیش لە خوا رازى بوون، بەراستى شیاویانە لەگەڵ ناوهێنانیاندا بوترێ (رضي الله عنهم)، ئەمانە هاودەم و پارێزەرى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوون، بشكێ دەستێ و لاڵ بێ زمانێ و كوێر بێت چاوێ  و كەڕ بێت گوێیەك و لەئیش بكەوێت دڵێ كە بە نیازى خراپ لە ژیانیان دەنەوێت.

چینى دووڕووان

ئەمانە بە روخسار خۆیان بە موسڵمان نیشان دەدا و لە ناخیشدا بێباوەڕ بوون، روخساری موسڵمانبوونیشیان تەنها لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان بوو ئەگەرنا لاى یاران و دۆستانیان ناخى خۆیان دەردەبڕی وەك خوا دەفەرموێت(وَإِذَا لَقُوا الَّذِينَ آمَنُوا قَالُوا آمَنَّا وَإِذَا خَلَوْا إِلَى شَيَاطِينِهِمْ قَالُوا إِنَّا مَعَكُمْ إِنَّمَا نَحْنُ مُسْتَهْزِئُونَ، اللَّهُ يَسْتَهْزِئُ بِهِمْ وَيَمُدُّهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ، أُولَئِكَ الَّذِينَ اشْتَرَوُا الضَّلالَةَ بِالْهُدَى فَمَا رَبِحَتْ تِجَارَتُهُمْ وَمَا كَانُوا مُهْتَدِينَ)،[5] (هەر وەختایەك دەگەنە ئیمانداران دەڵێن: ئێمەش وەك ئێوە ئیمانمان هێناوە، هەروەختایەكیشدەگەڵ (گەورەو سالارە) شەیتانیەكانیان خەڵوەت دەكەن و كۆدەبنەوە دەڵێن: ئێمە دەگەڵ ئێوەین، ئێمە (بە ئەوانە كە ئیمانیان هێناوە) گەپ و قاڵتە و گەمە دەكەین.خودا گاڵتە بە ئەوان دەكا و (بەریان بۆ هەڵدا دەكا و) یاریان دەدا تا بە سەركێشی خۆیان كوێرانە و سەر لێشێواوانە درێژە بدەن (و بەینی كفر و ئیمان سەرگەردان و حەیران بمێنن). ئەوان كەسانێكن كە سەرلێشێواوى و سەرگەردانییان كڕیوە بە رێنوێنی، جا سەوداكەیان قازانجى نەكردووەو رێبازانى رێگاى راست و دروست نەبوونە (و حەق و حەقیقەتیان بەدی نەكردووە)،

     بەڵام كە دەچوونە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیانوت شایەتى دەدەین تۆ پێغەمبەرى خوایت بەڵام خوا بە درۆى خستنەوە وەك دەفەرموێت(إِذَا جَآءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُواْ نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ * اتَّخَذُواْ أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّواْ عَن سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّهُمْ سَآءَ مَا كَانُواْ يَعْمَلُونَ)،[6](كاتێ بێباوەڕان هاتن بۆ لات دەیانوت ئێمە شایەتى دەدەین تۆ پێغەمبەرى خوایت، خوا دەزانێت تۆ بە دڵنیاییەوە پێغەمبەرى خوایت و خواش شایەتى دەدات بە دڵنیاییەوە دووروان درۆزنن، سوێندەكانیان دەكردە قەڵغان و رێیان لە رێ و بانگەوازى خوا دەگرت، بەراستى ئەوانە زۆر خراپ كار دەكەن و خراپەكارن).

ئەمانە دەیانزانى پەیامەكەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) راستە و لاى خواوە سروشی بۆ دێ، بۆیە هەمیشە دەترسان خوا ئایەتیان لەسەر دابەزێنێ و پیسی و پیلانیان ئاشكرا بكات وەك خوا دەفەرموێت(يَحْذَرُ الْمُنَافِقُونَ أَن تُنَزَّلَ عَلَيْهِمْ سُورَةٌ تُنَبِّئُهُمْ بِمَا فِي قُلُوبِهِم قُلِ اسْتَهْزِؤُواْ إِنَّ اللّهَ مُخْرِجٌ مَّا تَحْذَرُونَ)،[7](دووروان دەترسن سوورەتێكیان لەسەر دابەزێ هەواڵی ئەوەیان لێ بدات كە لە دڵیاندا هەیە، بڵێ گاڵتە بكەن بەدڵنیاییەوە خوا ئەو دەردەكات كە ئێوە حەزەرى لێ دەكەن).

عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى گەورەى دوورووەكان بوو كە لە مەدینە نیشتەجێ بوو، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هیچ كات هێزى لەدژیان بەكارنەدەهێنا، چونكە پێی باش و جوانیش نەبوو خەڵكى بڵێن موحەممەد یارانى خۆی دەكوژێت، ناوى دوورووەكانیش لاى حوذەیفەى كوڕی یەمان بوو كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووبوو كامانە دووروون بەڵام رێی بەویش نەدا ناویان ئاشكرا بكات.[8]

جوولەكەكان

ئەمانە لە ماوەیەكى مێژووییدا چووبوونە مەدینە و لەوێ مابوونەوە، جوولەكەكان زۆر بە دەگمەن كەسیان تێدا موسڵمان دەبوو، ئەمانە بە هەموو شێوەیەك دژایەتى پێغەمبەریان(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، بەڵام زۆر كات بە نهێنی دژایەتییان ئەنجام دەدا، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە هاتە مەدینە لە نوسراوى تایبەتیدا بۆ مەدینە ماف و ئەركى جوولەكەكانى دیارى كرد و ئەوانیش رازى بوون پێی، كەچی دواتر ناپاكییان نواند، بۆیە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) یەكدواى یەك لە مەدینە دەریكردن، دواجاریش پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هێرشی بردە سەر قەلآكەیان قەلآى خەیبەر و دواجار خواى گەورە سەركەوتنى بەخشی بە موسڵمانان كاتێ ئیمامى عەلى بوو بە ئالآهەڵگرى موجاهیدان.

لاى جوولەكەكان تاكى ناو خۆیان تا ئەوكات عاقڵ و ژیر بوو كە دژایەتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانان بكات، ئیتر كە موسڵمان بوو بە برواى ئەوان ئەو كەسە دەبوویە نەفامێكى بێڕێزى نەشارەزا، نموونەى ئەوەش موسڵمانبوونەكەى ئیبن سەلام بوو.

جوولەكەكان لەرووى سیاسیەوە هاوپەیمان و هاریكارى كاراى بێباوەران بوون، چاكترین نموونەش لەو بارەوە لە جەنگى خەندەقدا بەدیدەكەین.

خواى گەورە كینە و رقی جوولەكەى بۆ موسڵمانان خستوەتەروو وەك دەفەرموێت(لَتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاوَةً لِّلَّذِينَ آمَنُواْ الْيَهُودَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُواْ).[9]

په‌راوێزه‌كان

[1] - الفرقان: 52.

[2] - ئيبن عەبباس بۆ (جاهدهم به) دەڵێت واتە بە قورئان، لەبەرئەوەش سوورەتەكە مەككیە ئەم رایە راستترە.بروانە: القرطبي: الجامع لأحكام القرآن، دار عالم الكتب(الرياض-2003)، ج13، ص 58.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 17 و 3596، صحيح مسلم، الرقم 133،  السنن الكبر للنسائي، الرقم 8056،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12127 و 12073، مسند أبي يعلى الأنصاري، الرقم 4193.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 6837، صحيح مسلم، الرقم 1822،  السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12101،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12701 و 13310، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6508،

[5] - البقرة: 14-16.

[6] - المنافقون: 1-2.

[7] - التوبة: 64.

[8] - أسد الغابة، ج1، ص573.

[9] - المائدة: 82.



1552 بینین