حوکمی لە فەرمان دەرچووەکان - بغاء

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-18-16:34:00 - کۆدی بابەت: 4608
حوکمی لە فەرمان دەرچووەکان - بغاء
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی لە فەرمان دەرچووەکان (بغاء)

کە ئەو جۆرە موسوڵمانەن ملکەچی شەریعەتی ئیسلامن. بەڵام لە فەرمانی پێشەوای موسوڵمانان دەرئەچن و لە دژی ئە چەک هەڵئەگرن.

مەرجەكانی واجبوونی جەنگ لەگەڵیان

واجبە ئەو کەسانە جەنگیان لەگەڵ بکرێ کە لە فەرمانی پێشەوای موسوڵمانان دەرئەچن، بە سێ مەرج:

یەکەم: هێز و توانای جەنگکردنیان هەبێ بە جۆرێکی وەها کە نەگونجێ بە ئاسانی بگیرێن.

دووەم: لە ژێر دەسەڵاتی پێشەوای موسوڵمانان دەربچن و لە شوێنێک کۆببنەوە.

سێیەم: بەڵگەیەکی گونجاویان هەبێ بۆ ڕاپەڕینەکەیان، واتە: بە قورئان و حەدیس پشتگیری بەڵگەکەیان بکەن.

نابێ یەکەمجار پێشەوا دەست بە جەنگ بکا تا پیاوێکی لێهاتوو ئەنێرێتە لایان: ئایا ڕەخنەتان چییە؟ جا ئەگەر باسی ستەمکارییان کرد، ئەبێ پێشەوا واز لە ستەمەکەی بهێنێ، یان ئەگەر باسی گۆڕانکاری ئایینیان کرد، ئەبێ گۆڕانکارییەکەی لاببا، جا ئەگەر هیچ بەڵگەی گونجاویان نەبوو و هەر سووربوون لەسەر سەرپێچی کردن، ئەبێ بانگەوازی جەنگیان لەگەڵ بکرێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِن طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا ۖ فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَىٰ فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي حَتَّىٰ تَفِيءَ إِلَىٰ أَمْرِ اللَّه) یەگەر دوو کۆمەڵ لە موسوڵمانان بووە جەنگیان ئاشتیان بکەنەوە، جا ئەگەر یەکێکیان هەر سوور بوو لەسەر دەستدرێژی کردن و لە سنوور دەرچوون، ئێوە جەنگی لەگەڵ بکەن تا ئەگەڕێتەوە ژێر فەرمانی خوا.

ئەوانی دیكە كێن؟

یەکەم: هەر کۆمەڵێک بۆ ڕاو و ڕووت دەست بداتە چەک، ئەوانە ڕێگرن، هەروەک باسمان کردن.
دووەم: هەر کۆمەڵێک بۆ چەسپاندنی حوکمی ئیسلامی دەست بداتە چەک، ئەمانەش جەنگاوەری ئیسلامن -نەک (بغاء)-.
سێیەم: هەر کۆمەڵێک دەست بداتە چەک و لە ئایین هەڵبگەڕێتەوە و بڵێن حوکمی ئیسلاممان ناوێ چونکە بە کەڵک نایێ، ئەمانەش کافرن.

ئینجا ئەگەر بووە جەنگ لەگەڵ لە فەرماندەرچووەکان نابێ دیلەکانیان بکوژرێن، وە نابی ماڵیشیان بە تاڵان ببردێ، وە نابێ بریندارەکانیان بکوژرێن، وە نابێ بەدوای هەڵاتووەکانیاندا بگەڕێن، کەوابوو: هەرکاتێک جەنگ کۆتایی پێهات و مەترسی نەما، یان گەڕانەوە ژێر فەرمانی پێشەوا، ئەبێ ماڵ و چەک و دیلەکانیان بدرێنەوە، (البیهقي) وەهای لە ئیمامی (علی) گێڕاوەتەوە.

ئەبێ کوژراوەکانی هەردوولا بشۆرێن و نوێژیان لەسەر بکرێ.

ئەگەر هەڵگەڕاوەکان زەکاتیان لە خەڵکی وەرئەگرت و سزای گوناهەکانیان ئەدا و بڕیارەکانی شەرعی ئیسلامیان ئەچەسپاند، ئەوانە گشتی بە دروست و ڕەوا دائەندرێ و نابێ هەڵبوەشێندرێتەوە.


سەرچاوەکان



257 بینین