ناوهڕۆك
باسی تێکەڵاوی - الاختلاط
لە عەمرەی کچی عبدالرحمن دەگێڕنەوە، کە عائیشە سەلامی خودای لێبێت فەرموویەتی پێغەمبەری خودا (د.خ) نوێژی بەیانی دەکرد کاتێک ئافرەتەکان دەهاتنەدەرەوە داپۆشراوبوون بە چارۆگەکەیانەوە، لەبەر تاریکی بەیانیش هەر نەدەناسرانەوە (إن رسول علیه السلام لیصلی الصبح، فینصرف النساء متلفعات*بمروطهن، ما یعرفن من الغلس).
خۆ پاراستن لە تێکەڵ بوونی ڕەگەزی بەرامبەر
زوهرە دەڵێت ئوم سەلمە پێی ڕاگەیاندم کاتێ پێغەمبەری خودا نوێژی تەواو کرد، ئافرەتەکان زوو هەڵدەستان و دەڕۆیشتن، بەڵام پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵانی ماوەیەک دەمانەوە، کاتێک پێغەمبەر(د.خ) هەستا، ئەوکات ئەوانیش هەڵدەستان، ئوم سەلمە دەڵێت ئەوە بۆ ئەوە بووە تاوەکو ئافرەتەکان بڕۆن و هیچ کەسێک لە پیاوەکان پێیان نەگات. (نری-واللە أعلم- إن ذللک کان لکی ینصرف النساء، قبل ان ذللک کان لکی ینصرف النساء، قبل أن یدرکن أحد من الرجال). ئەو هەموو ئاگاداریە بۆ ئەوەیە تیکەڵاوی دروست نەبێت، چونکە هەر لە تێکەڵاویەوە ژوانی مانەوەی تەنهایی دادەنرێت، هەر لە تەنهاییشەوە شەیتان بەهۆی هۆکارە ڕازاوەکانی خراپە کاریەکان ساز دەکات، هانی ئارەزووە خۆڕسکەکان دەدات بۆ بوون بە کرداری بەرجەستەیی وەک زینا و فاحشە، هەر لەو کۆمەڵگانەی کە تێکەڵاوی زۆرە دەبینین زینا و منداڵی ناشەرعی و کێشەکانی تری کۆمەڵایەتی زۆر بڵاوە، ئەوەش ڕاستی فەموودەی پێغەمبەرمان بۆ دیاری دەخات، لە ئیمامی عومەر سەلامی خودای لێبێت دەگێڕنەوە دەڵێت پێغەمبەری خودا (د.خ) دەفەرمووێت هەر پیاوێک بە تەنها مایەوە لەگەڵ ژنێک ئەوە سێیەمیان شەیتانە (ألا ولا یخلون رجل بامرأة ثالثهما الشطان)، لە ئیبن عەباسەوە سەلامی خودای لێبێت دەگێڕنەوە، پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی نابێت پیاو و ژنێک بەتەنها بمێننەوە مەگەر یەکێکی مەحرەمیان لەگەڵدا بێت (لا یخلون أحدکم بلمرأة إلا مع ذی محرم)، لە عەقەبەی کوڕی عامر سەلامی خودای لێبێت دەگێڕنەوە، پێغەمبەری خودا (د.خ) فەرموویەتی زۆر ئاگاداری تێکەڵاوی ژنان بن یەکێک لە پیاوانی ئەنساریەکان ووتی ئەی پێغەمبەری خودا (د.خ) دەربارەی ماڵی خەزووران؟ فەرمووی (خەزووران مردنە)، واتە تێکەڵاوی ژن و پیاو هەرچەندە خزم و نزیکی یەکتری بن هەر ناشەرعی و قەدەغەیە، زۆر جاریش ترسناکترە، چونکە بەهۆی ئەو نزیکییەوە زیاتر تێکەڵاو دەبن، هەر بۆیە پێغەمبەری خودا بە مردن ناوی بردووە.
بەم شێوەیە ئیسلام دەروازەکانی تێکەڵاوی نێوان ژن و پیاوی داخستووە، هەر چەندە نزیکی یەکتریش بن، چونکە فیتنەی تێکەڵاوی بۆ کۆمەڵگا گەورەترە لە خزمایەتی، خودای گەورە هەندێک خزمی نزیکی بەدوور گرتوووە لەو قەدەغەکردنە وەک هەموو ئەو کەسانەی مەحرەمن لە پشتەوە (النسب) بێت یان بەهۆی شیر پێدان، ژن هێنان (صهر) وەک باوکی مێرد و منداڵەکانی، هەروەها ئەوانەی لەو ئایەتە پیرۆزەدا ناویان هاتووە (لا جوناح علیهن فی ابآئهن ولا أبنائهن ولآ إخونهن ولآ أبناء إخوانهن ولآ أبناء أخواتهن ولا نسآئهن ولا ما ملکت أیمنهن واتقین اللە إن اللە کان علی کل شیء شهیدا) الأحزاب ٥٥.
ئەگەر ووڵاتانی ڕۆژئاوای بێ باوەڕ ڕووتی و تێکەڵاوی فەساد و بەد ڕەوشتی بە پێشکەوتن دادەنێت، بەڵام ئەو ڕەوشتە نامۆیانە لای باوەڕداران تەواو نەزانی و نەفامییە، موسوڵمانان بە درێژایی یەک سەدە کەوتوونەتە شوێن پێی بێ باوەڕان لەو بەد ڕەوشتیە، ئایا چیان بەدەست هێنا لە زانست و زانیاری و پێشکەوتن بێجگە لە سەرشۆڕی و خۆفرۆشتن و نۆکەرایەتی و دواکەوتن و خەسارەتی ئاین و دواڕۆژ، پێشکەوتن و بەرزی کۆمەڵگا بە خۆدانەپۆشین، تێکەڵاوی، بەدوا کەوتنی ئارەزووی جنسی نایەتە دی، بەڵکو پێشکەوتن، پێشکەوتنی و بەرزی ئەخلاق و ڕەوشتە، ڕاستی و ڕاستگۆیی، دەست پاکی و ئەمانەتە، بەخشین و هاوکارییە، خۆبەخشین و قوربانی دانە لە پێناوی ڕاستی و ویستنی خێر و خۆشی ووڵاتە، لادانی دەستی زاڵم و زۆردارە، پشتگرتنی لێ قەوماوانە.
لە ساڵی ١٩٦٤ سەرۆکی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جون کەنەدی ڕایگەیاند داهاتووی وڵاتەکەمان لە مەترسیدایە، چونکە گەنج و لاوەکانمان لە ئارەزووە جنسییەکان نوقوم بوون، ئەو لێپرسراویەتیەی لەسەر شانیەتی ناتوانێت بە تەواوی جێبەجێی بکات، هەر لە حەوت کەس تەنها یەکیان دەشێت بکرێنە سەربازی دڵسۆز، چونکە ئەو ئارەزووەی تیایدا نوقوم بوون هەموو لیاقەی بەدەنی و دەروونی لێ سەندوونەتەوە.
لەو بارەیەوە نوسەرێکی ئەمریکی کاتی سەردانی بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر لە ساڵی ١٩٦٢، ووتەیەکی پێشکەش کرد، لە ڕۆژئاوای کۆماری بڵاوکرایەوە لە ژێر ناونیشانی قەدەغەی تێکەڵاوی بکەن، سەربەستی ئافرەت سنووردار بکەن، ئەو سنوورەی کۆمەڵگای عەرەبی لەسەر ئافرەتی کەم تەمەنی داناوە مەبەست لێی خوارووی ٢٠ ساڵییە ئەو سنوور و مەرجانە چارەسەرێکی بە سوودە بۆ زۆر نەخۆشی ناو کۆمەڵگە، هەر بۆیە داواتان لێدەکەیم کەوا دەست بە خووڕەوشت و داب و نەریتی خۆتانەوە بگرن، تیکەڵاوی قەدەغەبکەنەوە و سەربەستی بێ سنوور لاببەن، بگەرێنەوە سەر پۆشتەیی خۆتان، چونکە ئەوە زۆر باشترە و چاکتر و سوودمەندترە لە بەدڕەوشتی و بەرەڵایی ناو کۆمەڵگای ئەمریکا و ئەورووپا، ئەو سەربەستیەی ئێمە بەخشیمان بە کچە گەنجەکانمان، وای لێ کردن ببن بە دەستەی (جیمس دین)، دەستەی خوێن ڕشتن و ماددە بێ هۆشکەرەکان، دەستەی فڕاندنی منداڵ و فرۆشتنیان وەک بەندە.
بۆچوونی دکتۆر عبداللطیف لەسەر تێکەڵاوی
دکتۆر عبداللطیف القصاب دەڵێت ڕۆڵی ئافرەت دایکایەتییە، لەبەر بوونی هەندێک سیفاتی تایبەت ئافرەت بە گشتی دەتوانن زۆر بە کارامەیی ئەو ڕۆڵە ببینن، پەروەردەی منداڵ، چ بە واتای پەروەردەیی فراوان، چ بە واتای تەسکی ناو خێزان، بریتیە لە پیرۆزترین ئەرک، کە ئافرەت دەیکات، هەر وایە و هەر ئاوا دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئافرەت لە توانای زمانی و ڕەوانی دەربڕین، لە ناسین و هەستکردن بەو گۆڕانکاریانەی کە لە دەورووبەری ڕوویداوە، پشت بەستان بەڕێگەکانی وەسفی بۆ ئیدراکی کەل و پەل و هەڵوێست، ڕەچاوکردنی داب و نەریت و بەهای کۆمەڵایەتیەکان، لەمانە گشتیان پێشکەوتووە، بۆیە زانایانی پزیشکی و دەروونناسی دان بەوەدادەنێن کەوا ئافرەت بە باشترین شێوە دەتوانێت کاری پەروەردەیی منداڵ جێبەجێ بکات، چونکە منداڵ لە قۆناغەکانی یەکەمین تەمەنی فێربوونی زمان و داب و نەریتی ئەو کۆمەڵگەی کە تیایدا دەژی و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ئەو داب و نەریتە، دروست بوونی بیردۆزەی وەسف کردنی شتەکانی دەورووبەر دەبێت، بۆ فێربوونی هەموو ئەو شتانە دایک وەک سەرپەرشتی کار، چاودێری، پەروەردەگار، مامۆستا، باشترین کەسە کە ئەم کارە بکات، بۆ ئەوەی ئەو منداڵە ببێتە کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری بەسوود لە کۆمەڵگە، ئەویش گرنگترین و ترسناکترین کارە کە ئافرەت دەیگرێتە ئەستۆ، زۆر گرنگتر و پیرۆزترە لەو کارانەی پیاو دەیکات، لێرەوە بۆمان دیار دەکەوێت کاری ئافرەت کاری بونیادنان و دروستکردنە ئەگەر کاری دایکایەتی و پەروەردەی منداڵ بە ئافرەت سپێردرا ئەوا واتەی ئەوە ناگەیەنێت کەوا ئافرەت وەک بەند کراوی لێ بێت، هەر لە ماڵ نەچێتە دەرەوە.
تێکەڵاوی لە ئیسلامدا
ئەگەر مێژووی زێڕینی ئیسلام بخوێنیتەوە دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان بەشداری چالاکیە جیا جیاکانی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، پەروەردە و فێرکردن، تەندروستی، سەربازییان کردووە، ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان بینیوە، ڕەچاوی هەموو مەرجەکانی ئەو بەشداری کردنەشیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی دایکایەتی و پەروەردەی منداڵیان بە جوانترین شێوە جێبەجێ کردووە، ڕۆڵی وەک ئەمیرەکانی مەڕوانی و لوڕیەکان و ئەیوبییەکانیشیان پێ گەیاندووە.
موسوڵمانانی سەردەمی پەیامی خودایی، سەردەمی جێنشینەکانی پێغەمبەر، سەدەکانی زێڕینی ئیسلامی گەیشتە بەرزترین لوتکەی پێشکەوتنی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، گەشەی فیکری، ئەخلاقی، هەروەها بەرێوبەرایەتی نیوەی جیهانیشیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هۆشیاربوون لەوەی نەکەونە شوێن ئەو ئارەزوانەی هۆکاری تووشبوونن بە گوناهـ و تاوان، وەک دوورکەوتنەوە لە تێکەڵاوی هەرچەندە گەر لەناو شوێنی خودا پەرستی و خوێندنیش بێت.