نوێژی مردوو

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-06-04:21:00 - کۆدی بابەت: 4212
نوێژی مردوو

ناوه‌ڕۆك

مەرجەکانی نوێژی جنازة لەسەر مردوو

  1. ئەبێ مردووەکە شۆرابێ یان تەیەمموم کرابێت، واتە ئەگەر نەگونجا مردووەکە بشۆرێت، یان تەیەمموم بکرێت، نابێ نوێژی لەسەر بکرێ.
  2. ئەبێت لاشە و کفنەکەی پاک بێت، بەڵام ئەگەر خوێنی مردووەکە نەوەستا، ئەو کاتە لەبەر ناچاری نوێژی لەسەر دەکرێ.
  3. ئەبێ مردووەکە لەلای قیبلە لە پێش نوێژکەرەکە دابندرێت، بەڵام ئەگەر مردووەکە لە شارێکی تر بوو، یان لە لادێیەکی تر بوو، ئەو کاتە دروستە لە شوێنێکی ترەوە نوێژی لەسەر بکات، هەرچەند لەلای قیبلەیش نەبێت (عن جابر -رضي الله عنه: صلی النبی -صلي الله علیه وسلم- علی النجاشي فی الیوم الذي مات فیه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لە مەدینەوە نوێی لەسەر نەجاشی کرد لەو ڕۆژەی لە حەبەشە وەفاتی کردبوو.
  4. ئەبیت ئەوەی نوێژ لەسەر مردوو دەکات نێرینە بێت، هەرچەند منداڵیش بێت، بەڵام ئەگەر نێرینە دەست نەکەوت، واجبە ئافرەت نوێژی لەسەر بکات.

سوننەت و واجبەکانی نوێژی مردوو

سوننەتە نوێژی جەنازە بە جەماعەت بکرێت و بە تەنهاییش دروستە وە واجبە ئەو کەسەی نوێژ لەسەر مردوو دەکات، چوار جار بڵێ (الله أکبر)، بە (الل أکبر)ـی یەکەم نوێژ داببەستێ و بە دڵ نییەت بێنێ و بڵێ (نییەتم هەیە فەڕزی نوێژی جەنازە لەسەر ئەم مردووە ئەکەم)، ئینجا با فاتیحە بخوێنێ پاش (الله أکبر)ـی یەکەم کە نوێژی پێ دابەستووە ئینجا لە دوای فاتیحە، دووەم جار بڵێ (الله أکبر)، جا سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر ﷺ لێ بدات پاش (الله أکبر)ـی دووەم، واتە بڵێ: (اللهم صل علی محمد وعلی آله وصحبه وسلم)، بەلام سەڵاواتی تەحیات لەمە خێرترە، ئینجا لە دوای سەڵاوات سێیەم جار بڵێ (الله أکبر)، جا واجبە دوعا بۆ مردووەکە بکات پاش (الله أکبر)ـی سێیەم، دوعای واجب بۆ ئافرەت و پیاو بۆ گەورە و بچووک، هەر ئەوەندەیە بڵێ (اللهم اغفر له وارحمه)، بەڵام سوننەتە جگە لەو دوعایە ئەم دوعایەیش بکات (اللهم هذا عبدك وابن عبدك خرج من روح الدنيا وسعتها ومحبوبها واحبائه فيها الى ظلمة القبر وما هو لاقيه، كان يشهد أن لا إله الا انت وان محمداً عبدك ورسولك وأنت أعلم به، اللهم نزل بك وأنت خير منزول به، وأصبح فقيراً إلى رحمتك وأنت غنيٌ عن عذابه، قد جئناك راغبين إليك شفعاء له ، اللهم ان كان محسناً فزد في إحسانه وان كان مسيئاً فتجاوز عنه، ولقه برحمتك رضاك، وقه فتنة القبر وعذابه، وأفسح له في قبره وجافي الأرض عن جنبيه، ولقه برحمتك الأمن من عذابك حتى تبعثه إلى جنتك برحمتك يا أرحم الراحمين)، ئینجا کە دوعای تەواو کرد چوارەمین جار بڵێت (الله أکبر). جا سوننەتە پاش (الله أکبر)ـی چوارەم بڵێ (اللَّهُمَّ لا تحرمنا أجره، ولا تفتنّا بعده، واغفر لنا وله) وە ئەگەر ئەمەیش نەڵێت زیانی نییە، واجبە پاش (الله أکبر)ـی چوارەم سەلام بداتەوە، ئەو دوعایانە لە چەند حەدیسێک کۆکراونەتەوە چەندین دوعای تریش هەنە لەبەر دوورودرێژی نەمان نووسیون.

سوننەتە ئەو نوێژە لە هەموو کاتێکدا بە بێ دەنگ هەڵهێنان بکرێت و لەگەڵ هەموو (الله أکبر)ـێکدا هەردوو دەستەکانی بەرز بکاتەوە، هەروەها سوننەتە ئەگەر بە جەماعەت کرا، ڕیزەکان بکەنە سێ ڕیز (عن مالك بن هبیرة -رضي الله عنهما-: قال النبی -صلی الله علیه وسلم-: ما من میت یموت فیصلی علیه ثلاثة صفوف من المسلمین إلا أوجب) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی هەر کەسێک کە دەمرێ، سێ ڕیز لە موسوڵمانان نوێژی لەسەر بکەن، خوای گەورە بەهەشتی بۆ دابین دەکات.

هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (ألطفل یصلی علیه ویدعی لوالدیه) رواه أبوداود، منداڵ نوێژی جەنازەی لەسەر ئەکرێت و دوعاش بۆ دایک و باوکی ئەکرێ. جا سوننەتە لەو دوعایەدا بڵێ (اللهم اجعله فرطا لأبويه، وسلفا وذخرا وعظة واعتبارا وشفيعا، وثقل به موازينهما، وأفرغ الصبر على قلوبهما).

دروستە لەسەر کۆمەڵە مردووێک یەک نوێژ بکرێت، بەو مەرجەی خزمەکانیان ڕازی بن، هەروەها دروستە پاش ئەوەی مردووەکە بە خاک سپێردرا، نوێژی لەسەر بکرێت (عن أبی هریرة -رضي الله عنهما: أن إمرأة کانت تقم المسجد فماتت، فسأل عنها النبی ﷺ؟ فدلوه علی قبرها فصلی علیها) رواه الشیخان، ئافرەتێک خزمەتی مزگەوتی ئەکرد، کاتێک کە مرد پێغەمبەر ﷺ پرسیاری لێ کرد گوتیان مردووە جا قەبرەکەیان نیشانی پێغەمبەر ﷺ دا نوێژی لەسەر کرد. هەروەها ئەگەر پارچە ئەندامێکی مردوویەکی موسوڵمان دۆزرایەوە، ئەبێ بشۆرێ و لە ناو پارچە پەڕۆیەکدا بپێچرێ و نوێژی لەسەر بکرێ و ژێر خاک بکرێ.


سەرچاوەکان



2224 بینین