گرەنتی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-02:01:00 - کۆدی بابەت: 4192
گرەنتی لە ئیسلامدا
هەمەڕەنگی حوکمە شەرعییەکان

ناوه‌ڕۆك

باسی (ضمان) زامینی

واتە: قەرزی کەسێکی تر بخاتە ئەستۆی خۆی ئەگەر ئەو کەسە نەیداتەوە، خۆی بیداتەوە.

دروستە ببێتە زامینی ئەو قەرزانەی کە جێگیر بوبن لە ئەستۆی قەرزداردا بەو مەرجەی ئەندازەی قەرزەکان بزاندرێ چەندە و چ جۆرە (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: قال: لزم رجل غریما له بعشرة دنانیر، فتحمل بها النبی ﷺ فقضاها عنه)رواه أبو داود وابن ماجە، پیاوێک پیاوێکی تری گرتبوو، چونکە دە دیناری قەرزدار بوو، ئینجا پێغەمبەر ﷺ بووە زامینی، بەڵام لە ماوەی دیاریکراودا پیاوەکە بۆی نەگونجا قەرزەکە بداتەوە، جا پێغەمبەر ﷺ لەجیاتی دایەوە.

دروستە بۆ خاوەن قەرزەکە داوای قەرزەکە لە هەر کامیان بکا، لە زامینەکە، یان لە قەرزدارەکە، بەو مەرجەی زامینییەکە بەو شێوەیە بێ کە باسمان کرد، واتە: بزانێ قەرزەکە چەندە و چۆنە و جێگیر بوبێ.

هەروەها پێویستە زامینەکەیش خاوەن قەرزەکە بناسێ (عن أبی أمامة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: الزعیم غارم) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: زامین ئەبێ تۆڵە بژمێرێ، واتە: ئەگەر قەرزدارەکە نەیداوە.

جا هەر کاتێک زامینەکە قەرزەکەی داوە لەجیاتی قەرزدارەکە، ئەگەڕێتەوە بۆ سەر قەرزدارەکە بۆ ئەوەی چەند قەرزی بۆ داوەتەوە، ئەوەندەی لێ وەربگرێتەوە، بەو مەرجەی زامینییەکە و قەرزدانەوەکەش بە ئیزنی قەرزدارەکە بووبێ.

بەڵام ئەگەر لە خۆیەوە بەبێ ئیزنی قەرزدارەکە بووە زامین و قەرزەکەی دایەوە، ئەوە لە کیس خۆی ئەڕوا و ناتوانێ لێی وەربگرێتەوە.

هەروەها ئەگەر زامین نەبوو، بەڵام لەخۆیەوە قەرزی کەسێکی تری دایەوە، جا ئەگەر قەرزدارەکە زیندوو بێ، یان مردوو بێ، ئەمەش لە کیس خۆی ئەچێ و ناتوانێ لێی وەربگرێتەوە.

ئینجا بزانە: فەرموودەی ڕاستتر ئەمەیە: ئەگەر بە ئیزنی قەرزدارەکە بووە زامین و بەبێ پرس قەرزەکەی دایەوە، بۆی دروستە لە قەرزدارەکە وەریبگرێتەوە.

دروست نییە زامینی ئەو قەرزەی کە نەزاندراوە چەندە و چۆنە، هەروەها دروست نییە زامینی قەرزێک هێشتا نەکەوتبێتە ئەستۆی قەرزدارەکە، بەڵام لە فەرموودەی کۆنی ئیمامی (شافعي)ـدا دروستە و ئەبێتە زامین.

تەنها زامینیی داواکردنی ماڵە فرۆشراوەکە دروستە، پاش وەرگرتنی پارەکە، واتە بڵێ: ئەگەر ئەو شتە بە ماڵی دزیاری دەرچوو، یان فێڵی تێدا کرابوو، من زامینم پارەکەت ئەدەمەوە.


سەرچاوەکان



222 بینین