ئەبو نوعەیمی ئەسفەهانی

له‌لایه‌ن: - نهاد جه‌لال - به‌روار: 2020-06-11-16:05:00 - کۆدی بابەت: 130
ئەبو نوعەیمی ئەسفەهانی

ناوه‌ڕۆك

ژیان و پێگه‌شتنی 

ناوى ئەحمەدى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئەحمەدى كوڕی ئیسحاقی كوڕی مووساى كوڕی میهرانە، خەڵكى ئەصفەهانە،[1] لە مانگى رەجەبی ساڵی 336 كۆچی لەدایكبووە.[2]

میهرانى باپیرە گەورەى یەكەم كەس بووە لەو زنجیرەیە كە موسڵمان بووەو مەولاى عەبدوڵاى كوڕی موعاویە بووە.[3]

زانایەكى گەورەى فەرموودەناس بووەو صۆفی بووە، باوكی یەكێك بووە لە زانا گەورەكان و هەر بە منداڵی زانستى فێر كردووە، داوای كردووە لە بڕێك لە زانایانى فەرموودە لە وڵاتە جیاجیاكان تا وەك خوێندكار وەریبگرن و فەرموودەى پێ بڵێن، ئەوانیش رازى بوون، لەوانە خەيثهمەى كوڕی سولەیمان لە شام و ئەبولعەبباسی ئەصەم لە نەیسابوورو ئەبوو سەهلى كوڕی زیاد لە بەغدادو ئەبووبەكر ئیبنوسننى لە دەینەوەرو چەندێكى تر لە زانایانى ناوچەكانى تر، بەو جۆرە ئەبوو نوعەیم لەپێناو زانست وەرگرتندا چەندین وڵاتى كرد.[4]

ئەبونوعەیم زیاتر هەوادارى مەزهەبی ئەشعەری بووە،[5] وەك دەبینین لەسەر ئەوەش لەگەڵ حەنبەلیەكان كێشەى هەبووە.

باوكیشی پێشتر لە پێناو ئەو زانستە گەورەدا (فەرموودە) وڵاتەو وڵات دەگەڕا، بەمە ئەبوونوعەیم شوێن پێی باوكى خۆی هەڵگرت.[6]

ئەبونوعەیم لە تەمەنى هەشت ساڵیەوە فەرموودەى لە باوكیەوە بیست،[7] هەر لەو تەمەنەدا لە مامۆستاكانیشیەوە فەرموودەى بیست، ئەوەبوو لاى ئەبوو موحەممەد عەبدوڵاى كوڕی جەعفەرى مامۆستاى لە ساڵی 344 واتە لە تەمەنى هەشت ساڵیدا فەرموودەى وەرگرت.[8]

دیارترین نووسینەكانى

معجم الصحابة.                                     

حلية الأولياء.

معجم الشيوخ                                            

المستخرج على الصحيحين

تأريخ أصبهان                                                       

صفة الجنة

دلائل النبوة                                                        

علوم الحديث

كتاب النفاق.[9]

هەندێ لە خوێندكارەكانى

كوشیارى كوڕی لیالیزورى جیلی.

ئەبوو سەعدى مالینی.

خەطيبى بەغدادى.

ئەبوبەكرى هەمەدانى.

ئەبوو عەلى وەخشی.

هیبەتولآى شیرازى.

عەبدوسەلامى كوڕی ئەحمەدى قاضى.

موحەممەدى كوڕی عەبدوڵاى ئەدمى.[10]

وتەى زانایان لەسەری

ئیبنوننەجار دەڵێت ئەبوونوعەیم تاجی فەرموودەناسان و یەكێكە لە كەسە دیارەكانى ئیسلام.

ئیبنولموفەضهل دەڵێت: ئەبوطاهیری سەلەفی مامۆستامان باس و ژیانى ئەبوو نوعەیمی كۆكردوەتەوەو ئەو فەرموودانەشی هێناوە كە لەوى بیستووە كە هەشتا فەرموودە بون و دەڵێت كتێبی وەك (حلية الأولياء) هەرگیز نەنووسراوە.

ئیبن كەثير دەڵێت: زاناى فەرموودەناس ئەبوونوعەیم قسەو هەواڵی راهیب و قەشەو عەرەبەكانى زۆر هێناوە، زۆر بە زۆرى و چاكى و جوانى هێناویەتى، رەحمەت و رەزامەندى خوا بیگرێتەوە

كاتێ كتێبی (حلية الأولياء) ى نووسیوە براوە بۆ نەیسابوور و لەوێ فرۆشتوویانە بە چوارسەد دینار.

لە سەردەمى ئەم زانایەدا سوڵتان مەحموودى كوڕی سەبەكتەكین والیەكى لەسەر ئەصفەهان دانا، دواتر خەڵكەكە ئەو والیەیان كوشت، بۆیە سوڵتان لە رۆژی هەینیدا چوو بۆیان تا تۆڵە بكاتەوە، لەو رۆژەدا خوێندكارەكانى ئەبوو نوعەیم مامۆستاكەیان لە مزگەوت دەركرد نەوەك ئەویش تووش بێت، بۆیە كە سوڵتان هات كوشتارێكى زۆری لێكردن، بەڵام ئەبوونوعەیم پارێزرا.

خەتیبی بەغدادى جیا لە خوێندكارەكانى ترى باس لەوە دەكات كە لە پێدانى فەرموودەدا ئەبوونوعەیم تا رادەیەك دەستى شل كردووە، بەڵام ذەهەبی بە هێنانى قسەى خوێندكارانى تری دەیسەلمێنێ وانەبووەو هەردەم بە نووسین فەرموودەكەى هێناوە كە خۆی نووسیویەتى و وتوویەتى خۆم ئەم فەرموودەم بیستووە، بۆیە دەڵێت ئەبوونوعەیم تۆمەتبار نیە و بەڵكو زۆر راستگۆیە و لەو بوارەدا زۆر زانا بووەو هیچ تاوانێكى لێ بەدى ناكەم.

لەبەرئەوەى ئەبوونوعەیم ئەشعەرى بووەو ئیبن مەندەش حەنبەلى بووە جۆرێ ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبووە، تەنانەت ئەبوو نوعەیم لە كتێبەكەیدا تأریخ أصبهان قسە دەكات لەسەر ئیبن مەندە، ئەمەش لەبەر ئەو ناكۆكیە مەزهەبیەى هەیبووە لەگەڵ ئیبن مەندە.

ئیبنولعمادى حەنبەلى قسەى ئیبن ناصرەدینی هێناوە كە قسەی هیچكام لەو دوانە (ئەبونوعەیم و ئیبن مەندە) بەرامبەر بە یەكتر وەرناگیرێت چونكە نێوانیان چاك نەبووە، واتە حوكمدانى هەركام لەوانە بەسەر ئەوى تردا بە هەند وەرناگیرێت.

ئەبوو نوعەیم لە مانگى صەفەر یان دەوترێ لە بیست و یەكى مانگى موحەرەم یان بیست و هەشتى موحەرەم یان دەوترێ لە بیستى مانگى موحەرەمى ساڵی 430 كۆچیدا وەفاتى كردووە كە لەو كاتەدا تەمەنى نەوەدو چوار ساڵ بووە.

په‌راوێزه‌كان

[1] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454، ابن كثير: البدايةو النهاية، ج12، ص45.

[2] - ابن خلكان، وفيات الأعيان، ج1، ص92.

[3] - ابن خلكان، وفيات الأعيان، ج1، ص91.

[4] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.

[5] - ابن كثير: البدايةو النهاية، ج12، ص45.

[6] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.

[7] - ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص245.

[8] - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج17، ص455-456.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج17، ص456-457.


سەرچاوەکان



3169 بینین